Pêdeştî Karmamze Kujrawekan Kurdiska (Sorani) 2026
پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان
کە یاوڕت دایەوە پێدەشتێکی پان و بەرینت بەجێدەهێشت، ڕووت وەک بەری دەست، بە یاسمانەوەش، نزیک بەسەر سەرتەوە، قاژەقاژی دەیەها پۆلە ڕیشۆڵە کە خۆی دەدا لە هەزاران کاسیان دەکردی، هەر دەتوت بۆ مەرگ و دیلییەتی یەو سەدەها ڕیشۆڵە بەندکراوەی ناو تۆڕەکەی سەر پشتی کەرە دێزەکەت دەیانقریشکاند، ترسایت لەوەی بە هێزی هەزارەها دەنووک و چڕنووک تۆ و دێزە و تۆڕی پڕ لە ڕیشۆڵە بە یاسماندا هەڵفڕێنن، هێشتا گەڕەک لێتەوە زۆر دوورە، وای لەو گەڕەکە کۆن و پەڕپووتە، هەر دەڵێی کەچە جلێکە و لە هەزار لاوە پینە کراوە، لەوەدایە هەر هەموو پینەکانی لێک هەڵبوەشێن چونکێ خودا لە یان و ساتی دروست کردنی پەلەی بووە و جەمسەری پینەکانی جوان بەسەر یەکەوە نەدووریوەتەوە، لە شارێکدا کە گوایە بەر لە هاتنی هەر هەموو پێغەمبەرەکان هەر هەبووە، نە بوومەلەرزەیەک ڕماندوویەتی، نە لافاوێک بردوویەتی، نە لەشکری تورک و عەرەب و عەجەم توانیویەتی یەو قەڵا تۆکمە و بەرزەی بڕمێنێ، نە گڕکانێک سووتاندوویەتی و نە نەفرەتی یەکێک لەو پێغەمبەرانەش نغرۆی کردووە.

